پێشبینی كەش و هەوای سبەی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

پێشبینی كەش و هەوای سبەی دووشەممە ٢٠١٨/١٢/٣ 

بەهۆی كۆتایی هاتنی كاریگەریەكانی ئەو شەپۆلەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەكەمانی گرتبووە و سەقامگیربوونی كەش و هەوا، سبەی دووشەممە تاوەكو نزیك  نیوەڕۆ ئاسمانی ناوچەكە نیمچە هەور ئەبێت و لەدوای نیوەڕۆ وە هەتاو و هەور و هەتاو ئەبێت بەپێی جیاوازی ناوچەكان، هەروەها سبەی پلەی گەرمی بەرزئەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرمی لە ڕاپەڕین ١٧ – ١٨ پلە ئەبێت و نزمترین پلەی گەرمی ٠ – ١ پلە ئەبێت لە ناوچە شاخاویە بەرزەكانی سنووری ڕۆژهەڵاتی ڕاپەڕین.  والله أعلم

//تێبینی هەمیشەیی 
 پێشبینییەکان بەپێی زانیاری مانگە دەستکردەکان و وێستگە ئەلیکترۆنیەکانەوەیە، وە هەروەها شایەنی گۆڕانکارین و گۆڕانكاریان بەسەردا دێت و بەوشێوەیە ئەبێت كە پەروەردگار فەرمانی لەسەرداوە

شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستان ئەگرێتەوە

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

لە ڕۆژی سێشەممەوە شەپۆلێكی باران بارین هەرێمی كوردستان ئەگرێتەوە و بۆماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام ئەبێت، بەپێی دوایین گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا لە ڕۆژی سێشەممەوە هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور ڕوو لە ناوچەكەمان ئەكەن و بەهۆیەوە پلەی گەرمی لە ناوچەكە بەرەو نزمبوونەوە ئەچێت و چاوەڕوان ئەكرێت باران لە تەواوی ناوچەكانی ڕاپەڕین ببارێت بەبڕی جیاواز، بەگشتی ئاستی باران بارین هێواش و ناوەند ئەبێت بەپێی جیاوازی ناوچەكان بەڵام لە كاتە جیاوازەكاندا بەتایبەت شەوی چوارشەممە تاوەكو بەرەبەیانی پێنجشەممە ئەگەری بارانی بەخووڕ لەبەشێكی ناوچەكە ئەبێت بە تایبەت لە باكووری ڕاپەڕین، إن شاءالله لە ڕۆژانی داهاتوو زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە بڵاوئەكەینەوە
لەلایەكی ترەوە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لە ناوچە شاخاویە بەرزەكانی ناوچەكەمان چاوەڕوان ئەكرێت بەفربارین ئەو ناوچانە بگرێتەوە بەتایبەت ناوچەكانی بناری قەندیل و دەورووبەری، والله أعلم

تێبینی// پێشبینییەکانی سەرەوە بەپێی مانگە دەستکردەکان و وێستگە ئەلیکترۆنیەکانەوەیە، وە هەروەها شایەنی گۆڕانکارین چونکە زانیاری تەواو و بێ هەڵە نین،ئەو زانستەی کە بە تەواوی ڕاست و دروستە تەنیا لای خودای گەورەیەو بەو شێوەیە ئەبێت کە زاتی پیرۆزی فەرمانی لەسەرداوە

پێنج ڕۆمانە ترسناکەکەی جیهان کامەن ؟

گاردیان: ڕۆمانە ترسناک و تاوانکارییەکان لە جیهاندا خوێنەرانێکی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆ کردووەتەوە. لە خوارەوە شەش ڕۆمانی پڕفرۆش لەو بارەیەوە دەناسێنین.

یەک: درەوشانەوە/ ستیڤن کینگ
چیرۆکی درەوشانەوە دەربارەی پیاوێکە، کە نووسەرە و پاسەوانی هۆتێلێکی چۆڵە لە ناوچەیەکی کوێستانیدا. کوڕی ئەم پیاوە کێشەی دەروونیی هەیە و دەتوانێت ڕۆحەکان ببینێت.

دوو: ئامادەبوونی ڕۆحەکان/ شێرلی جەکسۆن
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە دەربارەی دوکتۆرێکە بە ناوی مۆنتاگ، کە لە ماڵێکدا بە ناوی هیل هاوس بە دوای هێندێک بەڵگەنامەدا دەگەڕێت تا بوونی ڕۆحی سێ کەس بسەلمێنێت.

سێ: دژوارتربوونی بارودۆخەکە/ هێنری جیمز
هێنری جیمز لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێک ڕۆحی خوڵقاندوون کە بە تەنیشت زیندووەکانەوە دەژین.

چوار: کتێبی خوێناوی/ کلایڤ بارکەر
ئەم کتێبە کۆمەڵەچیرۆکە و گۆڤاری نایتمز، بە ترسناکترین چیرۆکەکان ناوزەدی کردووە، کە فەزایەکی توندوتیژ و خوێناوییان هەیە.

پێنج: ترس/ دەن سیمۆنز
دوو کەشتی لە شەختەدا گیر دەخۆن و کەم کەم ئازووقەیان لێ دەبڕێت و کوشتنیش لە کەشتییەکەدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکا و دێوێکیش دەردەکەوێت.

شەش: جان سەرئەنجام دەمرێت/ دەیڤد ڤۆنگ
ئەم ڕۆمانە دەربارەی دوو کوڕیژگەیە کە پاش کێشانی ماددەی هۆشبەر، دنیای دێوودرنجەکان دەبینن

چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ چۆنێتی بەکارهێنانی بەتڵی غاز

به‌رگری شارستانی سلێمانی چه‌ند رێنماییه‌كی بۆ به‌كارهێنانی بتڵی غازی ماڵان بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت بتڵی غاز لەشوێنی کارکردندا هەبێت، یان دابنرێت لە جێگەیەک کە سەقفی گیرابێت و هەوای دەرنەچێت وەک ژێرزەمین و کۆگا و چێشتخانە.

رێنماییه‌كانبه‌رگری شارستانی سلێمانی:
1. بەکارهێنانی بۆری و صۆندەی تایبەت بە غاز بۆ گەیاندنی غازەکە بە شوێنی مەبەست کە بەرگەی گەرمی و پەستان بگرێت.
2. نابێت صۆندەی غاز لە پشتی فڕن و تەباخەوە بگوازرێتەوە و کاریگەری گەرمی لەسەر بێت بەردەوام.
3. بە هیچ شێوەیەک نابێت بتڵی غاز لەشوێنی کارکردندا هەبێت یان دابنرێت لە جێگەیەک کە سەقفی گیرابێت و هەوای دەرنەچێت وەک ژێرزەمین و کۆگا و چێشتخانە.
4. کردنەوەی غاز لەسەرەمنزەمەکەوە لەکاتی پێویستی و ئیشکردندا وە کوژانەوەی لە سەرەمنزەمەکەوە نەک تەنها کوژانەوەی لە ئامێری گەرمکەرەوەکەوە.
5. لەکاتی بەستنی بەشی ژێرەوە بتڵی غاز نابێت ئاوی گەرم به‌کاربهێنیت بۆ توانەوەی سەهۆڵەکە بەڵکو دەبێت بتڵی غازەکە بگۆڕدرێت دابنرێت هەتا خۆی ئەتوێتەوە.. ئەم حاڵەتە کەمتر لە ماڵدا روودەدات زیاتر لە نانەواخانە و چێشتخانەکاندا روودەدات بەهۆی بەکار هێنانی سەرە منزەمەی هەزاری.
6. ئەگەر هەستت بە بۆنی غاز کرد لە شوێنە کارکردندا نابێت بە هیچ جۆرێک کارەبا داگیرسێنیت تەنانەت ئەگەر ساحیبەی هەواش بێت، چونکەی بە داگیرساندنی ساحیبە یان تەنها گڵۆپێک ئەبێتە هەوی دروست بوونی شەرارەی ئاگر و بەخێراترین شێوە کڵپەدەکات و کارەسات دەخوڵقێت.
7. کاتێک هەست بە بۆنی غاز دەکەیت باشترین ڕێگە بۆ خۆپاراستن دروست کردنی (تهویه‌) یە بۆ دەرچونی غازەکە وە لەم حاڵەتەشدا باشترین چارەسەر کردنەوەی دەرگاو پەنجەرەیە

بڕی باران بارینی دوێنێ و كۆی گشتی باران بارین لە چەند ناوچەیەكی ڕاپەڕین

بەپێی ڕاگەیندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بڕی بـاران بارینی دوێنێ شەممە لە چەند ناوچەیەكی ڕاپــەڕیـــن بەمشێوەیەبووە


ڕانیە : ٤٨,٠ ملم
قەڵادزە : ٣٣,٠ ملم
چوارقوڕنە : ٤١,٠ ملم
سەركەپكان : ٤١,٧ ملم
هــەڵـــشـــۆ : ٣٤,٨ ملم

نرخی کارەبای مۆلیدە دیاریکرا

            ووتەبێژی بەرێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لە مانگی تشرینی دووەم (44) دینار دەبێت، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی تشرینی دووەم دیاریكرا.

سیروان محەمەد، ووتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە44 دینار بۆ مانگی 11 دیاریكرا، موەلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان 180 بۆ 200 كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی ئەمپێرێك لە نێوان 8000 بۆ 9000 هەزار دینار دەبێت، بەوەش نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.

سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی موەلیدەكان بۆ مانگی دوازدە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ووتی؛ بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە كاتژمێر 1:00 ی پاشنیوەڕۆ بۆ 1:00 شەو، و بەیانیانیش كاتژمێر 7:00 _8:30 بەیانی دەبێت، لەوماوەیەدا كارەبای نیشتیمانی بڕا پێویستە مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن، ، بەڵام رۆژانی هەینی بەیانیان كار ناكەن و لەبری ئەوە پێش نیوەروان كاتژمێر 11:30 كار بە مۆلیدەكان دەكەن.

ووتیشی: لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپات كرایەوە كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 15 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەرێت ، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەرووی یاسا دەكرێتەوە.

سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبوون و سیتیەكان نرخی كیلۆواتێك بە (228) دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتیەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بوو ئەوا 5 دینار و وێستگەكەی 33 كەیڤی بوو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.