کچێکی تەمەن (22) ساڵ خۆی خنکاند

کچێکی تەمەن (22) ساڵ خۆی خنکاند و پۆلیسیش دەڵێت: لەرێگەی پەتەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هیوا کەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سلێمانی (سبەی) راگەیاند؛ ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی کچێکی تەمەن (22)ساڵ لە قەزای دەربەندیخان بە ناوی (س، ح، م) لەلایەن كەسوكارەكەیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق لە قەزاژە كە بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتوە لەرێگەی بەكارهێنانی پەتەوە خۆی خنكاندوە.

وتیشی: کچەکە دەستگیراندارە و تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری دەربەندیخان كراوە، پاشان رادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە و تا ئێستاش هۆكاری خۆخنكاندنی نازانرێت.
وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان رونیشیکردەوە، لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو کچە كەس دەستگیر نەكراوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ئەو روداوە بەردەوامە.

بە پێی ئامارەكانی نوسینگەی دەربەندیخانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، تەنها لەمساڵدا لە سنوری قەزاكە چوار ژن بە شێوازی جیاجیا، خۆیان كوشتوە

بەنداوێكی هەرێمی كوردستان لافاو بردی

یەكێك لەو بەنداوانەی، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروستكرابوو لافاو بردی و بەرپرسانی قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆكیش ئێوارەی ئەمڕۆ ئاشكرایان كرد، كە زیانی مادی نەبووە.

خالید نەرمو، بەڕێوەبەری شارەوانی شێخان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی زۆری باران و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە نزیك یەكێك لە بەنداوەكانی نزیك گوندی باسفن-ی سەر بە قەزای شێخان، بوەتە هۆی ڕوخانی سەدەكە و ئاوەكە بەرەو خوارووی سەدەكە ڕۆیشتووە.

وتیشی، “ڕوخانی بەنداوەكە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر زیانی مادیی گوندەكە نەبووە”.

بەپێی زانیاراییەكان، ئەو بەنداوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە تێچووی 440 ملیۆن دینار دروست كراوە، كە توانای گلدانەوە 200 هەزار مەتر چوار گۆشە ئاوی هەبووە

سۆران عومه‌ر: ناكرێ ئه‌و كاته‌ ئۆپۆزسیۆن بی كه‌ به‌شداری حكومه‌تت پێ ناكرێ

له‌سه‌ر چاوه‌ڕێكردنى شاندى پارتى بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم، په‌رله‌مانتارێكى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌تى حزبه‌كه‌ى ده‌گرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێمه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستانمان به‌و ئۆپۆزسیۆنبونه‌ی ئه‌و حكومڕانێتیه‌ گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاره‌ هێناوه‌ ئێسته‌ ناكرێ دانیشین به‌دیار فه‌رموو بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌، ده‌شڵێت: ناكرێ ده‌سه‌ڵات تۆ بكاته‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن.

سۆران عومه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ په‌یجى خۆى له‌ فه‌یسبووك رایگه‌یاندووه‌: كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ی زانیوه‌ كه‌ له‌كابینه‌ی ئاینده‌دا به‌شداری پێ ناكرێ، بۆیه‌ ناكرێ پاش ئاشكراكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران له‌لایه‌ن پارتی و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جه‌وله‌ی دووه‌می دانوسانه‌كان ناگونجێ هێشتا چاوه‌ڕوانی چونه‌ حكومه‌ت بی!.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: ئێمه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستانمان به‌و ئۆپۆزسیۆنبونه‌ی ئه‌و حكومڕانێتیه‌ گه‌نده‌ڵ و سته‌مكاره‌ هێناوه‌ ئێسته‌ ناكرێ دانیشین به‌دیار فه‌رموو بۆ ئه‌و حكومه‌ته‌ كه‌ 27 ساڵه‌ به‌شداری له‌ شكست و قه‌یران و دزی و تاڵانی داهاتی وڵات و هۆكاری ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌یه‌ كه‌به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌دا هاتووه‌!.

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان یه‌كه‌م لایه‌نی سیاسی بوو كه‌ بڕیاریدا به‌شداری كابینه‌ى نوێى حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كات و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن، دواتریش نه‌وه‌ی نوێ و حزبی شیوعیش هاتنه‌ به‌ره‌كه‌وه‌و بڕیاریاندا ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ڵام گۆڕان و كۆمه‌ڵ كه‌ پێشتر له‌ حكومه‌ت كشانه‌وه‌ خواستی دیسان چوونه‌وه‌ ناو حكومه‌ت و به‌شدارى كردنیان له‌ كابینه‌ى نۆیه‌م نه‌شاردووه‌ته‌وه‌.

سۆران عومه‌ر ئه‌وه‌شى نوسیووه‌: ناكرێ ئه‌وكاته‌ ئۆپۆزسیۆن بی كه‌به‌شداری حكومه‌تت پێ ناكرێ! وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 2009 كه‌وته‌وه‌ كاتێك له‌گه‌ڵ پێكهێنه‌ری حكومه‌ت ڕێكه‌وتن ڕوی نه‌دا پارتی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌ كۆمه‌ڵ وتی ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن!.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌شى روونكردۆته‌وه‌: ناكرێ ده‌سه‌ڵات تۆ بكاته‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن! ده‌بێ خۆت ئه‌وه‌ هه‌ڵبژێری ئۆپۆزسیۆنی ده‌سه‌ڵات بی، ئه‌مه‌ش ڕێگا سه‌خته‌كه‌یه‌و له‌سبه‌ی زوتر نیه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی خه‌ڵكی خۆی كۆبكاته‌وه‌و بڕیاری خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه‌ چاوه‌ڕێی پارتی نه‌بێ حكومه‌ت پیرۆزی خۆی و ئه‌وانه‌بێ كه‌ شه‌ڕیانه‌ له‌سه‌ری!.

مێسی و به‌رشلۆنه‌ به‌ (٧) ڕیکۆرده‌وه‌ دێربی که‌ته‌لۆنیایان تێپه‌ڕاند

لیۆ مێسی ئه‌رجه‌نتینی ئه‌ستێره‌ی ناوداری یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ شه‌وی ڕابردوو دوو گۆڵی له‌سه‌ر یانه‌ی ئیسپانیاۆل له‌ دێربی که‌ته‌لۆنیا تۆمار کرد، توانی یانه‌که‌ی به‌ ئه‌نجامی چوار گۆڵ به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ ببات.

بردنه‌وه‌ی لیۆ و ژماره‌ی گۆڵه‌کانی و چۆنیه‌تی تۆمارکردنیان به‌ لێدانی ڕاسته‌وخۆ ته‌نها بردنه‌وه‌یه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکو توانی چه‌ندین ڕیکۆردی مێژوویی خولی ئیسپانیا و تایبه‌ت به‌ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ تۆمار بکات، ڕیکۆرده‌کانیش بریتین له‌:

بۆ یه‌که‌مجار له‌مێژوویدا لیۆ مێسی له‌ یه‌ک ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌دا دوو گۆڵی به‌ لێدانی ڕاسته‌وخۆ تۆمار کرد.
ژماره‌ی گۆڵه‌کانی له‌ دێربی که‌ته‌لۆنیا تایبه‌ت به‌ خولی ئیسپانیا گه‌یانده‌ ٢٠ گۆڵ و له‌ لوتکه‌ی گۆڵکارانی دێربیدا پێگه‌ی خۆی جێگیر کرد.
لیۆ مێسی تاکه‌ یاریزانه‌ له‌ ١٣ وه‌رزی خولی ئیسپانیادا ١٠ گۆڵ و زیاتر تۆمار ده‌کات.
مێسی بووه‌ گۆڵکارانی ئه‌م وه‌رزه‌ی لالیگا به‌ ١١ گۆڵه‌وه‌ هاوشانی کریستیان ستیوانی.
ژماره‌ی گۆڵه‌کانی له‌سه‌رجه‌م دێربیه‌کانی شاری به‌رشلۆنه‌ گه‌یانده‌ ٢٣ و له‌ لوتکه‌ی گۆڵکاراندا جێگیر بوو.