کۆرسەکانى زمانى ئينگلیزى لە زانکۆکانى كوردستان دەست پێ دەکات
دواى دەرچونى ئەنجامى تاقیكردنه‌وه‌ی دیاریکردنى ئاستەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى، وا بڕیارە لەم مانگەدا کۆرسەکانى زمان لە زانکۆکان دەستپێ بکەن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند دوابەدواى دەرچونى ئەنجامى تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاستەکانى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە بەهاوبەشى نێوان سێنتەرەکانى زمان و ڕێکخراوى ئیمیدیست به‌ڕێوه‌چو، لەئەنجامدا سەرجەم کاندید و خوازیاران ئاستەکانیان لەلایەن سێنتەرەکانەوە دیاریکرا، لە ئێستادا سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنى کۆرسەکانى زمانی ئینگلیزی تەواوبوە و، وابڕیارە لەم مانگەدا کۆرسەکانیان لە سێنته‌ره‌كانی زمان له‌ زانکۆکانى (سەڵاحەددین/هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان، سۆران و ڕاپەڕین) دەست پێ بکات.

بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى دیاریکردنى ئاستەکان و ماوەى کۆرسەکان، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کاندیدانى ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى، دەتوانن سەردانى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى (سەڵاحەددین/ هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆک، گەرمیان، سۆران و ڕاپەڕین) بکەن و زانیارى زیاتر بەدەستبهێنن.

کەش و هەوای سبەی بزانە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان کەشوھەوای سبەینێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: سبەی ئاسمان ته‌م و نیمچە هەور دەبێت.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، سبەی چوارشه‌ممه‌ 19/12/2018، بەرزترین پلەی گەرما لە ھەولێر ١٤ پلە و نزمترینیش١٠ پلە دەبێت، ھەروەھا لە سلێمانی ١٣ پلە بە ٧ پلە دەبێت، دھۆک ١٤ بە ٩ پلە دەبێت، کەرکوک ١٥ پلە بە ١٠ پلە دەبێت.

ئەوپیاوانە دەستگیرکران کەدەست دریژیان کردبۆ سەرئافرەتان

چوار تۆمەتبار دەستگیركران كە هەستابوون بەدەستدرێژی كردنە سەر ئافرەتان بەناوی نوشتەو جادوەوە

هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد كە بەبیانوی نوشتەو جادوەوە پارەیان لەكچان و ژنان وەرگرتووەو دەستدرێژییان كردۆتە سەریان .

ڕۆژی 9/12/2018 ، هاوڵاتییەك لە بنكەی پۆلیسی كوردسات سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك بەناوی (ج ، م ، ح ) كە چۆتە لای بەمەبەستی جادو و سیحر كردن و دەستدرێژی كردۆتە سەری .
دوای كردنەوەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، بەڕێز دادوەر بڕیاری دا بەدەستگیركردنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی و پاشان بۆ لێكۆڵینەوە سكاڵاكار نێردرا بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشكنین ،لەئەنجامدا ڕاپۆرتی پزیشكی سەلماندی كە سكاڵاكار دەستدرێژی كراوەتە سەر .

پاش بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و لێكۆڵینەوە لە شوێنی تۆمەتبار توانرا ڕۆژی 10-12-2018 ، تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربكرێت و دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەكەیدا و وتویەتی كە دەستدرێژی كردۆتە سەر سكاڵاكار و ئافرەتێكی تریش وە پارەی لە چەند ئافرەتێكی تریش وەرگرتووە بە مەبەستی جادو و سیحر كردن بۆیان .

دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا هەریەك لە تۆمەتباران ( ه ، ع ، ع ) ، ( م ، ع ، خ ) و (أ ، ح ، ڕ ) كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردووە بەجۆرێك بە ناوی سیحر و جادوەوە پارەیان لێوەرگرتون و دەستدرێژییان كردۆتە سەریان .
لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بە پێی ماددەی 393 لەیاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیان بەردەوامە.

بۆیە لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بە فێڵ و تەڵەكەی ئەم جۆرە كەسانە تێنەكەون و لە هەرشوێنێك لەم جۆرە كەسانە هەبوو پەیوەندی بە هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بكەن ، هەرهاوڵاتییەكیش سكاڵای هەیە لەسەر تۆمەتبارانی ناوبراو دەتوانێت بچێتە بنكەی پۆلیسی كوردسات یان هەربنكەیەكی تری پۆلیس و سكاڵای خۆی تۆمار بكات .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پە یوەندییەكان