پێشبینی كەش و هەوای ئەمڕۆی ڕاپەڕین

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

پێشبینی كەش و هەوای ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٨/١٢/٢٤

هەروەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا چاوەڕوان ئەكرێت ئەمڕۆ دووشەممە شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكەمان بگرێتەوە و كاریگەیە سەرەتاییەكانی شەپۆلەكەش لە دوای كاتژمێر ١ لە ڕاپەڕین دەست پێئەكات و بەتێپەڕبوونی كات ڕێژەی هەور لە ناوچەكە بەرزئەبێتەوە، ئەمڕۆ تاوەكو نیوەڕۆ ئاسمانی ناوچەكەمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوردا ئەبێت و تاوەكو ئەو كاتە ئەگەری باران بارین لاواز ئەبێت، والله أعلم
لەدوای نیوەڕۆوە ئاسمان بۆ هەوری تەواو ئەگۆڕێت و ئەگەری باران بارین لەسەرجەم ناوچەكان دەست پێئەكات و لە زۆربەی ناوچەكانی ڕاپەڕین ئەگەری بارانی بەخووڕ ئەبێت لە كاتە جیاوازەكاندا، هەروەها بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی چاوەڕوان ئەكرێت لە زۆربەی ناوچە شاخاویە بەرزەكانی خۆرهەڵات و باكوور و ڕۆژئاوای ڕاپەڕین بەفرببارێت و ناوچەی بناری قەندیل و دەورووبەری زۆرترین بڕی بەفر ئەیانگرێتەوە، والله أعلم
بەهۆی كاریگەریەكانی شەپۆلەكە ئەمڕۆ پلەی گەرمی لە ناوچەكەمان نزم ئەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرمی لە دوای نیوەڕۆ ٨ – ٩ پلە ئەبێت و نزمترین پلەی گەرمی لە پێش خۆرهەڵاتن ( -٦ ، -٧ ) پلە ئەبێت لە بناری قەندیل، والله أعلم


تێبینی هەمیشەیی// پێشبینییەکان بەپێی مانگە دەستکردەکان و وێستگە ئەلیکترۆنیەکانەوەیە، بۆیە شایەنی گۆڕانکارین و گۆڕانكاریان بەسەردا دێت چونكە زانیاری تەواو و بێ هەڵە نین و بەوشێوەیە ئەبێت كە خودای پەروەردگار فەرمانی لەسەرداوە

ماڵی پێشمەرگەیەک لەحاجیاوا سوتا

ئەمشەو ٢٠١٨/١٢/٢٣، کات ژمـێر ( ٧:٠٧ ) بنکەی بەرگری شارستانی حاجیاوا ئاگادار کرایەوە کە ڕوداوێکی ئاگر کەوتنەوە ھەیە لە حاجیاوا ، گەرەکی دابان ، دەست بەجـێ تیمی بنکە گەیشتنە شوێنی ڕوداو توانیان ئاگرەکە پێش تەشەنە کردن بۆ ژورە کانی تر کۆنتڕۆڵ بکەن ،سوتانی ژورێکی( ٣بە٦ ) ھۆکاری ئاگر شــۆرتـی کارەبا ، سوپاس بۆ خوای گەورە جگە لە زیانی مادی ھیچ زیانی گیانی بەدواوە نە بوو

نێچیرڤان بارازانی، دایکی سێ منداڵە سوتاوەکە بۆ چارەسەر دەنێرێتە تورکیا

بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو ژنەی لە چەمچەماڵ سووتا رەوانەی تورکیا دەکرێت و لە باشترین نەخۆشخانەی ئەو وڵاتە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ناوی نێچیرڤان بارزانییەوە قسەی لەگەڵ بنەماڵەی سێوان قادر کردووە و پێیانگوتوون، سەرۆکوەزیران هەرچی پێویستە لەپێناو چارەسەر و چاکبوونەوەی سێوان-دا دەیکات، ئەگەر پزیشکەکان رازیبن و تەندروستی رێگەبدات بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەنێردرێ بۆ تورکیا تاوەکو باشترین چارەسەر وەربگرێت و ژیانی رزگاربکرێت.

سێوان قادر، دایکی ئەو سێ منداڵەیە کە هەفتەی رابردوو لەکاتی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵەکەیاندا سووتان، لە ئەنجامدا سێ منداڵەکەی گیانیانلەدەستدا، خۆیشی لە 90%ی جەستەی سووتا. ئەو ئێستا لە سلێمانی چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

سێوان قادر لە نەخۆشخانە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی “لەم ئازارە رزگارمبکەن و لێرە دەرمبکەن
هەرچەندە هێشتا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی رووداوەکە دەکات و دۆسیەکە یەکلانەبووەتەوە، بەڵام سێوان کە بە ئاسانی ناتوانێ قسەبکات بە (رووداو)ی گوت ئەوەی روویدا “خۆم نەبووم، مێردەکەم بوو، ئێمە شەڕمان کرد”.

سێوان قادر هاوژینەکەی بە تۆمەتبار دەزانێ و گوتی “ئەم کەیسە دانەخرێ، بەسزای خۆی بگەیەنن، قەت لێی خۆشنابم. لە هیچ کەسێک خۆشنابم کە دەستی تێیدایە”.

سێوان دایکی سێ منداڵ بوو کە تەمەنیان لەنێوان 1 بۆ 5 ساڵدا بوو، بەڵام تاوەکو ئێستاش نازانێت منداڵەکانی مردوون.

پۆلیسی چەمچەماڵ چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە باوکی منداڵەکانی دەستگیرکرد و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە، گیانلەدەستدانی منداڵەکان و سووتانی دایکیان دەکەن.

رووداو زانیویەتی، بەهۆی بوونی کامێرای چاودێری بەرامبەر ماڵی سێوان دەرکەوتووە هاوژینەکەی دەبەیەک نەوت دەباتە ژورەوە و غازی ماڵەکەش دەکاتەوە. دواتر هاوژینەکەی دەڕوات و ماڵەکە گڕدەگرێت و سێوان بەئاگرەوە بەرەو حەوشە دەچێت، دراوسێکان دەیکوژێننەوە، بەڵام خۆی زۆرینەی جەستەی سووتاوە و سێ منداڵەکەشی هەر لەوێدا گیانیانلەدەستدا.

شەفیق نووری، مامی سێوان ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە، ئەو بە (رووداو)ی گوت “تەنیا دەمەوێت کاتێک دەگەڕێمەوە بە هاوڕێ بیانییەکانم بڵێم ئێمە خاوەنی حکومەت و دادگایەکین کە باوکە و بەدەم هاوار و غەدری برازاکەمەوە چووە. با سێوەش بێدەنگ نەکرێ و تاوانباریش لە ژوور بکرێت و بەخێوبکرێت. ئێمە وەک خانەوادەی سێوە لەجیاتی باوکە ئەژنۆشکاوەکەی داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکەین سێوە بگەیەنێتە دەرەوە. ئێمە سوپاسی زۆرمان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندان و نەخۆشخانەکە هەیە، بەڵام دەبوو وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی بناردایە و هەر هیچ نەبێت تاوەکو دڵی ئێمە سووکنایی بێت، نەوەک وەک نەخۆشێکی ئاسایی سەیربکرێت”.

دایكێك ٤ منداڵی بە سكێك بوو، سێ کوڕ و کچێک

لە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی شاری هەولێر، دایكێك بە سكێك سێ‌ كوڕ و كچێكی بوو، نەخۆشخانەكەش دەڵێت: “تەندروستی منداڵەكان باشە”.

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی فێركاری هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،، ئافرەتێك بەسكێك چوار منداڵی بوو لەنەخۆشخانەكەمان بەنەشتەرگەری، كە (سێ‌ كوڕ و كچێك) بووە و ماوەی سكەكەی (31 – 32) هەفتە بووە، واتا لەكاتی خۆی زووتر بووە.ئاماژەی بەوەشكردووە، منداڵەكان لەڕێكەوتی (20/12/2018) خەوێندرابوون لەبەشی منداڵە ناكامەكانی نەخۆشخانەكەمان بەهۆی ئەوەی كێشیان لەنێوان (1300 – 1500) گرام بووە.

جەختیشی كردۆتەوە، كە “دوای ماندوبوونێكی زۆر، سوپاس بۆ خوا سوپاس بۆ پزیشك و ستافی بەشی منداڵە ناكامەكان، ئەمڕۆ (23/12) منداڵەكان بە تەندروستیەكی باش بەڕێ كران”.

شەپۆلێكی باران بارین سەرجەم ناوچەكانی ڕاپەڕین ئەگرێتەوە

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

بەپێی دوایین گۆڕانكاریەكانی كەش و هەوا لە ناوچەكە چاوەڕوان ئەكرێت سبەی دووشەممە شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكەمان بگرێتەوە، إن شاءالله لە چەند كاتژمێر داهاتوو زانیاری زیاتر لەسەر شەپۆلەكە بڵاوئەكەینەوە
والله أعلم

زانکۆی راپەڕین سەرجەم پشووەکانی هەڵوەشاندەوە

ئاگاداری بۆ خوێندکاران دەربارەی پشوەکان
سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین، ئاگاداری سەرجەم خوێندکاران لەسەرجەم بەش و كۆلێژەكان دەکاتەوە، کە رۆژانی (٢٥ – ١٢ – ٢٠١٨ و ٦ – ١- ٢٠١٩ ) ئەگەر پشوی فەرمیش ڕابگەیەنرێت، ئەوا دەوامی خوێندکاران ئاسایی دەبێت و خوێندن لە زانکۆمان بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە دەوامی فەرمانبەرانیش وەک سەرجەم دام و دەزگا و فەرمانگەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین
٢٣ – ١٢ – ٢٠١٨

نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بۆ خوار 700 دینار دابەزی

نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بۆ خوار 700 دینار دابەزی، بەرپرسانی حكومەتیش هۆكارەكەی بۆ دابەزینی نرخی جیهانیی نەوت دەگەڕێننەوە.

سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “لەمڕۆوە (یەكشەممە، 23-12-2018) نرخی بەنزین دابەزینێكی دیكە بەخۆیەوە دەبینێ‌، نرخی یەك لیتر بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە 675 دینار موحەسنیش بۆ 750 دینار دادەبەزێ‌”.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی هەروەها دەڵێ “هەر خاوەن بەنزینخانەیەك سەرپێچی بكات ‌و لەو نرخە گرانتر بیفرۆشێ،‌ رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، لەمڕۆشەوە لیژنەكانمان دەردەچن بۆ چاودێریکردنی ئەو نرخە”.

هەر پەیوەست بەو پرسە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر قسەی بۆ رووداو كرد و جەختی لەوە كردەوە “نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ لە شاری هەولێریش بۆ خوار 700 دینار دابەزیوە. گوتیشی “هۆكاری دابەزینی نرخی بەنزین، پەیوەندی بە نرخی جیهانیی نەوتەوە هەیە، ئێستا نرخی باشترین جۆری نەوت لە جیهاندا بەرمیلێكی بۆ خوار 55 دۆلار دابەزیوە، بۆیە ئەگەر هەیە نرخی بەنزین زیاتریش داببەزێ‌”.

لە رابردوودا نرخی هەر لیترێکی بەنزینی نۆرماڵ بۆ زیاتر لە 800 دینار بەرزببووەوە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بووەتە هۆی دابەزینی نرخی بەنزین لە کوردستان.