دوو ژن کاندیدن بۆ سەرۆکی پەرلەمان

دواجار وادەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكرا، دوو ژن لەسەر كورسی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ململانێدان، یەكێكیان لەچكەكەی سەری، ئەوی تریان پاشناوەكەی (تاڵەبانی) بووەتە خاڵی لاواز بۆی.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كرا، دوای سێ مانگ راوەستان، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی دووەم دەكات، كە بەپێی یاسا دانیشتنەكە درێژكراوەی دانیشتنی یەكەمە‌و تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی، بە سەرۆكایەتی (رێڤینگ هروری) بەتەمەنترین ئەندامی خولی پێنجەم، یەكەم كۆبونەوەی خۆی كرد، لەو كۆبونەوەیەدا تەنیا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد‌و بەهۆی ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەنێوان لایەنەكان نەكرابوو، دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرا‌و كۆبونەوەكە بەكراوەیی هێڵرایەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتنێكی سیاسیدا كاندیدی پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلادەكەنەوە.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كراوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێت، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان دەبێت.

كێ دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان؟
یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو كاندیدی هەیە كە هەردوكیان ژنن‌و ئەندامی سەركردایەتی حزبن.

(بێگەرد تاڵەبانی)
ئەم ژنە كە لە خولی پێشوودا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی‌و لە كۆتایی خولەكەشدا ماوەیەك سكرتێری پەرلەمان بووە، خاڵی لاوازی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پێگەی لاوازە، ئەنجومەنێك كە بڕیارە كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان یەكلابكاتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیشدا لە پەرلەمانی كوردستان كە بەخۆیەوە ژمارەیان (21) ئەندامە پێگەی لاوازە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) تەنیا (5) ئەندام پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
(درەو میدیا) زانیویەتی، رەنگە دواجار بێگەرد تاڵەبانی لە ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدەكان یەكلابكرێتەوە، لە حاڵی كشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لە پەرلەمانی كوردستان نامێنێت‌و چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە.
بەڵام خاڵی بەهێزی بێگەرد تاڵەبانی ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانی دەكات لەناو یەكێتیدا ئەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەوپێیەی ئەو لە خولی پێشوودا سەرسەختانە پشتیوانی لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان كرد كە مەسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكرد، هاوكات بەبێ رەزامەندی فراكسیۆنەكەی خۆی، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی لەناو پەرلەمان تێپەڕاند كە بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی بە هاوبەشی پرۆژە یاساكەیان ئامادەكردبوو.
بێگەرد تاڵەبانی خاڵی بەهێزی تریشی هەیە، لەوانە سەربە بنەماڵەی تاڵەبانییە كە ئێستا ئەو بنەماڵەیە خاوەنی دەسەڵاتی گەورەن لەناو یەكێتیدا، بەڵام وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت لەلایەن تاڵەبانییەكی ترەوە كە (قوباد تاڵەبانی)یە، رەنگە ببێت بە خاڵی لاواز بۆ بێگەرد تاڵەبانی، چونكە ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببەن، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ باڵێكی تری یەكێتی دەبێت.

(رێواس فایەق)
ئەم ژنە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەوە پشتیوانی دەكرێت، لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا پاڵپشتی گەورەی هەیە، زیاتر لە (30) ئەندامی سەركردایەتی پاڵپشتی دەكەن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت.
یەكێكی تر لە خاڵە بە هێزەكانی رێواس فایەق، وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، چونكە ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كۆسرەت رەسوڵ دەمێنێتەوە.
هاوكات لەناو فراكسیۆنی یەكێتیدا رێواس فایەق پشتیوانی زۆری هەیە‌و زیاتر لە (15) ئەندام پاڵپشتی دەكەن.
لەبەرامبەردا رێواس فایەق لای پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی نییە، ئەمە لەلایەك بووە بە خاڵی هێز بۆی، لەلایەكی تر خاڵی لاواز، لێدوانە توندەكانی ئەم ژنە بەرامبەر بە پارتی وایكردووە لای پارتییەكان دڵگیر نەبێت، ڤیتۆی پارتی لەسەر رێواس فایەق رەنگە دواجار بە سود بۆ ئەو كۆتایی بێت، چونكە ئێستا لەناو یەكێتی رەوتێك دروستبووە كە زۆربە توندی پشتیوانی ئەو كەسانە دەكەن كە پارتی ڤیتۆی لەسەریان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لەناوی ئەندامانی وەفدی دانوستاكاری یەكێتیدا لەگەڵ پارتی رویداو دواجار یەكێتی ڤیتۆكەی پارتی شكاند.
رێواس فایەق ژنێكی باڵاپۆشە، رەنگە لەچكەكەی سەری كاریگەری هەبێت لەسەر دانانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، پارتی‌و هەندێك لە كەسایەتییەكانی ناو یەكێتی پشتیوانی ئەوە ناكەن كەسێك لە پۆستێكی باڵای هەرێمی كوردستاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە لەچكەوە دەركەوێت.

دوو جێگرەكە
لە كۆتایی خولی چوارەمدا، پەرلەمانی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، لەو پیڕەوەدا پۆستی سكرتێری پەرلەمان لابراو لەبری ئەو پۆستی (جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان) دانرا.
بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پارتی دەبێت، كاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە مشتومڕی لەسەر نییە‌و (هێمن هەورامی) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییە، پارتی بە دانانی هێمن هەورامی دەیەوێت پاڵپشتێكی بەهێز بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا جێگیر بكات.
پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دانراوە بۆ پێكهاتەكان‌و پارتی سورە لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە بدرێت بە پێكهاتەكان‌

راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  Change )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.