کچێک لەزانکۆوە دەگەڕێندرێتەوە ئامادەیی

دوای زیاتر لە 5 ساڵ دەردەكەوێ كچە قوتابییەك لە پۆلی پێنجی ئامادەیی دەرنەچووە و چووەتە زانكۆش. دواتر لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە قۆناغی ئامادەیی. پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانەكە پێكهێناوە.

سۆزیار فاتیح محەممەد، خەڵكی دەربەندیخانە و ئەمساڵ لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیراوە، سۆزیار مانگێكیش دەوام دەكات، بەڵام دەیگەڕێننەوە بۆ ئامادەیی. سۆزیار بە (رووداو)ی گوت: “ساڵی 2012-2013 پۆلی 10ی ئامادەیی بووم، لە وانەی بیركاری پەڕینەوەم هەبوو، لە پۆلی 11 تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەمم دا، بەڵام بۆ تاقیكردنەوەی دووەم ئاگادار نەكرام، پۆلی 11 و 12م تەواو كرد و لە كۆلێژی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدین وەرگیرام، هەموو شتكیش بەئاسایی دەڕۆیشت، بەڵام بڕوانامەكەیان هەڵوەشاندمەوە”.

سۆزیار دەشڵێ: “لە مانگی 11ی 2018 بە رێكەوتی ساڵی 2017 بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەڵێننامەیەكی بە باوكم واژۆ كردووە كە گوایە كاتی خۆی منیان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی هەردوو وەرزەكە تاقیكردنەوە بكەم و ژێربەژێریش كێشەكە چارەسەر دەكەن، ئینجا بە تەلەفۆن ئاگاداریان كردمەوە بڕوانامەكەم لە كۆلێژ وەربگرمەوە و بگەڕێمەوە دەربەندیخان، هەڕەشەی ئەوەشیان كرد ئەگەر وانەكەم پەیوەندی بە كۆلێژەكەوە دەكەن و كۆتایی بە خوێندنەكەم دێنن”.

سۆزیار پێیوایە بووەتە قوربانی هەڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەكەی :”من هەموو كاتێك ئامادەبووم بۆ تاقیكردنەوە و چاوەڕێ بووم، بەڵام دوو پۆلی دیكەشم بەبێ پەڕینەوە بڕی و ئاگاداریان نەكردمەوە، ئێستاش دوای 5 ساڵ كە لە زانكۆ وەرگیراوم و دەوامم كردووە، ئینجا دەمگەڕێننەوە بۆ پۆلی 10″.

بەڕێوەبەری قوتابخانەی خاك رۆژی 15/11/2018 بە نووسراوێك داوای لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەربەندیخان كردووە، بڕوانامەی سۆزیار هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوانیش لە 18/11/2018 داوا لە زانكۆی سەڵاحەدین دەكەن بڕوانامەی قوتابیەكە بگەڕێننەوە، بۆیە زانكۆی سەڵاحەدین سێ‌ رۆژ دواتر بڕیاری هەڵوەشانەوەی فەرمانی وەرگرتنی سۆزیار لە زانكۆكەیان دەردەكات.

ئەو قوتابییە نزیكەی سێ مانگە گەڕاوەتەوە ماڵەوە و دەڵێت: “بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەكەم خوێندنی ئەمساڵی زانكۆم لەدەستچوو، داوای پێكهێنانی لیژنەم كرد، ئەگەر لیژنەكە كێشەكەم بۆ چارەسەر نەكات، لە دادگای كارگێڕیی هەولێر سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەم”.

مامۆستا عەدنان عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئامادەیی خاك لە دەربەندیخان، سەبارەت بە كێشەی ئەو قوتابییە بە (رووداو)ی راگەیاند: “سۆزیار فێڵی لە ئێمە و كەسوكارەكەشی كردووە، بەڵام نەمانهێشت بەسەریاندا تێپەڕێ، ئەو زانیویەتی وانەی پەڕینەوەی هەیە و تاقیكردنەوەی نەكردووە، بەڵام قسەی نەكردووە”.

ئەی چۆن ئەوان بڕوانامەكەیان داوەتە قوتابییەكە؟ مامۆستا عەدنان گوتی: “یاریدەدەرەكەم لەبیری چووە كە پەڕینەوەی هەیە و بڕوانامەكەی داوەتەوە، دوای هەفتەیەك هات و گوتی بڕوانامەی قوتابییەكم داوەتەوە كە وانەی پەڕینەوەی هەبووە، بۆیە دەستبەجێ سەرووی خۆمان ئاگاداركردەوە”.

بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەشڵێ: “هەر ئەوكاتە كەسوكاری قوتابییەكەمان ئاگادار كردەوە كە بەهۆی كەمتەرخەمی خۆیەوە تاقیكردنەوەكەی نەكردووە، بەڵام ئەوان بڕوانامەكەیان نەهێنایەوە، بۆیە خۆم چوومە هەولێر و بڕوانامەكەم لە زانكۆ هێنایەوە، تەنانەت مافی ئەوەشم پێدا ساڵێكی دیكە لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەربگیرێ”.

بۆچی پێشتر تاقیكردنەوەیان بە سۆزیار نەكردووە، مامۆستا عەدنان گوتی: “ئەم تۆمارە كە وانەی پەڕینەوەی هەبووە هی سەردەمی من نییە، بەڵكو هی دوو ساڵ و دوو بەڕێوەبەری پێش من بووە، بۆیە ئاگادار نەبووم، من دەمتوانی ویژدان و ئەخلاقی پیشەیی خۆم وەلابنێم و نمرەی بۆ دابنێم بەبێ ئەوەی كەس پێی بزانێ، بەڵام ئەمەم نەكرد، نمرە و تۆمار و بڕوانامە موڵكی گشتییە و دەرچوواندنی قوتابییەكی كەوتوو بە هەدەردانی موڵكی گشتییە، من لەسەر موڵكی گشتی هاتوومە دەنگ و سەرووی خۆم لێ ئاگادار كردەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لیژنەیەكی لەسەر ئەم كەیسە پێكهێناوە، بەرپرسێكی پەروەردەی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: “لیژنەكە لەسەر بەڕێوەبەر و كارگێڕی قوتابخانە پێكهاتووە، چونكە ئەو داتابەیسەی تۆماری بڕوانامە كە هەیە هەمووی كۆدی خۆی هەیە و تەنیا لەلای بەڕێوەبەری قوتابخانەكە هەیە، بۆیە دەبێت هۆكاری ئەم هەڵەیە بزانرێت و ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە هۆكاری دروستبوونی كێشەی خوێندكارەكەن”.

مامۆستا شاهۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان لەبارەی لیژنەكە بە (رووداو)ی راگەیاند: “لیژنەكە لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانە و كارگێڕی قوتابخانەكە پێكهێنراوە و دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە، دواتر راپۆرتی خۆیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەرز دەكەنەوە و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێ كە كەمتەرخەم بوون”.

لیژنەكە دەستبەكار بووە و هەمووان چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی لیژنەكەن، مامۆستا عەدنان عەلی گوتی: “لیژنەكە لەسەر ئێمە پێكهاتووە، هەموو بەڵگەكانمان داوە بە لیژنەكە، ئەوانیش داویانە بە داواكاری گشتی، رۆژی یەكشەممە 10/2/2019 داواكاری گشتی من و یاریدەدەرەكەمی بانگ كرد و هەموو روونكردنەوەیەكمان داوە پێیان، چاوەڕوانی بڕیاری كۆتایی ئەوانین”.

Leave a Reply

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  Change )

Google+ photo

You are commenting using your Google+ account. Log Out /  Change )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  Change )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  Change )

Connecting to %s

This site uses Akismet to reduce spam. Learn how your comment data is processed.